لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک\كوردی سه‌رله‌نوێ ده‌ست به‌ وه‌شان ده‌كاته‌وه‌

وه‌ک ده‌زانرێت گرووپی مێدیای سه‌ربه‌خۆی كوردی ساڵی ٢٠١٠ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌شی كوردیی ڕۆژنامه‌ی
ناوداری مانگانه‌ی فه‌ڕه‌نسی «لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک» ده‌ستی به‌ كاری ڕاگه‌یاندن كرد.
لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، به‌ گوتار و شرۆڤه‌كانی گرنگی به‌ ڕووداوه‌ سیاسییه‌كان و بابه‌ته‌
زانستی و فه‌رهه‌نگییه‌كانی سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌دات. هه‌روه‌ها له‌نێو مێدیای جیهانیدا خاوه‌ن پێگه‌ و متمانه‌یه‌كی
تایبه‌ته‌. یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ بێلایه‌نه‌ بڕواپێكراوه‌كان.
كردنه‌وه‌ی به‌شی كوردی له‌ ڕۆژنامه‌ی لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک كه‌ ڕۆژنامه‌كه‌ به‌ ١٨ زمان له‌ ٣٢ وه‌ڵاتی جیهان بڵاو
ده‌كرێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن ڕۆشنبیران و لۆبیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌، شانازییه‌كی زۆر گرینگ بوو بۆ زمانی
كوردی.
له‌ چێوه‌ی خه‌باتی گرووپی مێدیای سه‌ربه‌خۆی كوردیدا، ٣٠ ژماره‌ی ڕۆژنامه‌ی لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک\كوردی
ده‌رچوو. دواتر ڕۆژنامه‌كه‌ بوو به‌ ئۆنلاین و تا ژماره‌ ٤٨ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو.
ئێستاش ڕۆژنامه‌كه‌ سه‌رله‌نوێ وه‌ک بڵاوكراوه‌یه‌كی «ڕووپه‌ل مێدیا» سڵاو له‌ خوێنه‌رانی كوردی ده‌كات. ئێمه‌
له‌و بڕوایه‌داین ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ده‌بێته‌ خزمه‌ت و پلاتفۆڕمێكی هێژا بۆ نه‌وه‌ی نوێی خوێنه‌ری كورد و بۆشاییه‌ک پڕ
ده‌كاته‌وه‌.
له‌ وه‌رزی پێشووی ئه‌م خه‌باته‌دا، له‌ژێر چه‌تری گرووپی مێدیای سه‌ربه‌خۆی كوردیدا‌ «وه‌شانخانه‌ی
ڕووپه‌ل»یش ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كردبوو. ئامانجی وه‌شانخانه‌كه‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئاستبه‌رز
ده‌رباره‌ی كێشه‌كانی كوردستان و جیهان، زمان، فه‌رهه‌نگ و وێژه‌ی كوردی بوو. به‌پێی ستاندارده‌كانی
وه‌شانگه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ چاپه‌مه‌نیی كوردیدا جێی خۆی گرت.
له‌ پڕۆسه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک\كوردی و ئاماده‌كردنی كتێبه‌كانی ڕووپه‌لدا، زۆر كێشه‌ی
ستانداردبوون و دروستنووسین ده‌ركه‌وتن. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌، ڕووپه‌ل به‌ پڕۆژه‌ی خه‌باتێكی هاوبه‌ش
دوو به‌رهه‌می گرینگی ئاماده‌ كرد كه‌ بریتی بوون له‌ «فه‌رهه‌نگی كوردی (كورمانجی) - توركی» و «ڕێبه‌ری
دروستنووسین». ئه‌م دوو به‌رهه‌مه‌ سه‌ره‌كییه‌ی وه‌شانخانه‌كه‌ ئه‌مڕۆ له‌لایه‌ن چه‌ندین سازمان و وه‌شانخانه‌ی
كوردییه‌وه‌ وه‌ک ستانداردی دروستنووسینی كوردی په‌سه‌ند كراون.
لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک\كوردی به‌مزوانه‌ جارێكی دیكه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنی كوردیدا جێی خۆی ده‌گرێته‌وه‌. له‌ ماوه‌یه‌كی
كورتدا شرۆڤه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كانی سه‌رانسه‌ری جیهان ده‌گه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌ری كوردی.
له‌ هه‌مان كاتدا به‌ گوتاره‌كانی ڕێداكسیۆنی كوردی شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌كانی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌رانی
ڕۆژنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی لێمۆنده‌ دیپلۆماتیک\كوردی

Rûpel Multimedia GmbH
Ernst-Gnoss-Straße 1
40219 Düsseldorf, Deutschland
web: www.diplo-kurdi.com
Twitter: @Diplo_Kurdi
Facebook: Le Monde diplomatique kurdî

E-Mail: info@diplo-kurdi.com